|
کوردستان
2010-02-08 - 10:30
"هێزی پێشمەرگە ئەرکەکانی لەچوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردوە"کاوە مەحمود، گوتەبێژی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هێزەکانی پێشمەرگە لەهەر ناوچەیەکی عێراق ئەرکیان پێسپێردرابێت لەچوارچێوەی دەستوور کاریان کردووە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ووڵاتدا بەتایبەت ناوچە دابڕاوەکان بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ. ئەم لێدوانەی وتەبێژی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئوسامە نوجێفی بوو کە لەگۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو پێویستە حکومەتی عێراق هێزەکانی پێشمەرگە دووربخاتەوە لە سەرجەم دەزگاکانی ئاسایشی عێراق. لەمبارەیەوە کاوە مەحمود دوووپاتیکردەوە هێزەکانی پاراستنی سنوور (پێشمەرگە) بەبەشێک لە هێزی بەرگری عێراق دەژمێردرێت و ئەم هێزانە کارەکانیان بەپێی ئەرکەکانیان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵدا ڕاپەراندووە و رۆڵێکی سەرەکیان بینیووە لە دابینکردنی ئارامی و ئاسایش لەزۆربەی ناوچەکان بەتایبەتی ناوچە دابراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی عێراقی فیدراڵ. گوتەبێژی حکومەتی هەرێم زیاتر تیشکی خستە سەر و گوتی هێزە کوردیەکان هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتیان لەسەرووی بەرژەوەندیەکان دانەناوە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بەڵکو لەهەموو کاتێک داکۆکیان کردووە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکان. کاوە مەحمود رونیکردەوە و گوتی چەند لایەنێک هەر لەسەرەتاوە هەوڵیان داوە بوونی هێزە کوردیەکان لە هێزەکانی بەرگری عێراق رەتبکەنەوە و کورد دوربکەنەوە لە بەشداری کردن لە پرۆسەی سیاسی لەعێراقی نوێ دا.
|
|




